لە كاتی چاككردنەوەیدا بۆرییەكی غاز  لە نێوان بێجی و كەركوك تەقییەوە و بەهۆی مەترسییەكانی ئاگر و چاكردنەوە بۆرییەكە بڕیاری داخستنی رێگای بێجی بۆ كەركوك درا. 

سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای غازی باكور سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە كێڵگەی غازی عجێل سەر بە پاڵاوگەی بێجی بۆریەكی گواستنەوەی غاز لە سنوری ناحیەی یاییچی سەربە كەركوك،  لە كاتی چاكردنەوەیەدا گڕی گرتوە و تەقیوەتەوە.

سەرچاوەكەی كۆمپانیای غازی باكور  وتویەتی:  لەئێستادا قوفڵی بۆرێكە لە هەردوولا داخراوە بۆ ئەوەی ئەو غازەی تێدا ماوە كەم بێتەوە و بكوژێتەوە ،دواتر دەست بەچاككردنی تەواوەتی دەكرێت كە نزیكەی 24 کاتژمێری پێویستە.

 وتیشی بەهۆی مەترسیی ئاگرەكەوە رێگای نێوان كەركوك بۆ بێجی داخراوە.