بافڵ جەلال تاڵەبانی: لە بەغداد و ناوچەكە گوێ لە یەكێتی دەگیرێت
هادی
١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە یادی دامەزراندنی یەكێتیدا رایگەیاند، یەكێتی لە ئاستی جیهانی بەهێزە، لە بەغداد و ناوچەكە گوێ لە یەكێتی دەگیرێت، لە هەرێمی كوردستانیش باڵانسی هێزی رێكخستوەتەوە.
بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جەماوەرێكی زۆر، رێوڕەسمی یۆبیلی زێڕینی 50هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یاریگای یانەی وەرزشی سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە رێورەسمەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی وتارێكی پێشكەش بە جەماوەری یەكێتی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كرد، لە وتارەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، باڵانسی هێزیان رێكخستوەتەوە و ئەو حكومەتەی پێكدەهێنرێت دەبێت خزمەتی میللەت بكات.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی یەكێتیش ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، یەكێتی لە ئاستی جیهانی بەهێزە و بەشێكی زۆری نوێنەری وڵاتان پرس و راوێژ بە یەكێتی دەكەن و لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆ دەكەن.
هەر لە وتارەكەدا پەیامێكی بۆ لێپرسراوانی باڵای عیراق ناردو وتی، میللەتی كورد هیچ كێشەیەكی لەگەڵ برایانی عەرەب نییە، یەكێتی هەوڵ دەدات لە بەغداد كێشەكان چارەسەر بكات، هەر یەكێتیش دەتوانێت ئەو كارەبكات.
لە كۆتایدا سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و باكوری كوردستان رایگەیاند، یەكێتی بەشێكی سەرەكی بووە لە پرۆسەی ئاشتی، جەختی لەوەشكردەوە، هەر یەكێتی دەتوانێت مافەكانی كورد وەربگرێتەوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 50 ساڵ لەمەوبەر لەسەر دەستی سەرۆك مام جەلال دامەزرێنرا، لەئێستاشدا رۆڵێكی گرنگ و بەرچاوی هەیە لە كایەیی سیاسی عیراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە، سەرۆك بافڵیش درێژە پێدەری رێبازی سەرۆك مام جەلال و شەهیدانی رێگەی رزگاری كوردستانە، بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان.