کۆبوونەوەی زۆربەی حزب و لایەنە سیاسیەکان لەسەر بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام بەڕێوەچوو کە زیاتر لە 40 پارت و لایەنی سیاسی تێیدا ئامادەبوون، لەدوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی بەشداربووی کۆبونەوەکە رایگەیاند: بە شێوەیەکی گشتی کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو، هەروەها جەختکرایەوە نابێت بە هیچ شێوەیەک موچە تێکەڵی ململانێ سیاسیەکان بکرێت.

د. مەجید حەمەد ئەمین ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە سیاسی کراوە و لە هەموو هەلومەرجێکدا بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی دەبێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم پارێزراوبێت.

وتیشی: چاوەڕوان دەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا کێشەی موچەی مانگی ئایار نەمێنێت و پێویستە لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە کێشەکان لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ چارەسەر بکرێت.

د. مەجید حەمەد ئەمین ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ هەڵوێستی بەغداد بەرانبەر هەرێمی کوردستان گۆراوە و لەو بڕوایەداین حکومەتی فیدراڵ پێش جەژن بە شێوەیەی قەرز موچە رەوانەی هەرێم بکات تا دەگەنە رێککەوتن.