خاتوو گەلاوێژ: خەباتی یەکێتی ئەوەندە زۆرە مەگەر هەر لە لاپەڕەكانی مێژوودا جێگەی ببێتەوە
سام
٣١ی ئایاری ٢٠٢٥
خاتوو گەلاوێژ لە یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە.
دەقی پەیامەکە
نیوسەدە خەبات و قوربانیدان
وا 50 ساڵ بەسەر یادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا تێپەڕی. پەنجا ساڵی پڕ لە خەبات و قوربانیدان. خەباتی سەختی شاخ و پێشمەرگایەتی و شار و ڕێكخستن و ئیدارەدان و ڕۆشنبیریی، قورانیدانێكی بێشوومار و ئەوەندە زۆر كە ناسناوی حیزبی شەهیدانی بە باڵادا بڕیوە.
ئەوێ ڕۆژێ، كە یەكێتیی نیشتیمانی وەك حیزبێكی نیمچەبەرەیی لەسەر فیكری چەپ و بیری نیشتیمانیی پێشكەوتووخواز، لەسەردەستی كۆمەڵێك تێكۆشەری قاڵبووی كوردایەتی، لە پێشیانەوە، ڕابەر و سەركردە و سەرۆك مام جەلال دامەزرێنرا، دەنگی میللەتێكی چەوساوە، بووە بڵندگۆی جاڕدانەوەی شۆڕش و شانی مەردانەی خستە بەر باری گلاوی نسكۆی شۆڕش، دوای تەنیا ساڵێكیش پۆل پۆل كوڕان و كچانی ئازادیخوازی ڕێكخستنەكان، چەكی شەرەف و مەردایەتییان كردەشان و لەژێر سەركردایەتی و ڕێنومایی مام و هاوڕێكانیدا، خەباتی چەكدارییان دەستپێكرد.
ئیدی، كاروان كەوتەڕێ و یەك-یەك و دوو-دوو و دەستە-دەستە، ژمارەی شەهیدەكانی یەكێتی هەڵدەكشا، تا گەیشتە ئەو ئاستەی ببێتە حیزبی شەهیدان، بەڵام ڕۆڵەكانی گەل، كە پەروەردەی ڕێكخستنەكان و خاوەنی بیری تیژی ڕەتكردنەوەی زوڵم و ستەم بوون، نەك هەر جێی شەهیدەكانیان پڕدەكردەوە، بەڵكو پێدەشت و بنار و لووتكەكانیان پڕكرد لە پێشمەرگە و ئینجایش دابەزینە شارەكانەوە.
خەبات و قوربانیدانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئەوەندە زۆرن كە مەگەر هەر لەلاپەڕەكانی مێژوودا جێگەیان ببێتەوە، ئەگەرنا هەرگیزا و هەرگیز لەهیچ بۆنەیەكدا ناتوانرێت ڕێژەیەكی یەكجار كەمیشی بهێنینەوە یادی خۆمان، بۆیە لەم ڕۆژ و یادە مەزنەدا، هەر ئەوەندەمان پێدەكرێت كە سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان نەویی بكەین و دەست بەسنگەوە بۆ كەسوكاری ئەوان و خەڵكی خۆڕاگری كوردستان ڕابوەستین و سڵاوی ڕێز و ئەمەكداری بۆ مام-ی ڕابەر و سەرۆك و هاوڕێبازەكانی بنێرین.
نیوسەدە خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان، لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پیرۆزبێت.
گەلاوێژ