مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی 50 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "یەکێتی نیشتمانیی کوردستان: یەکڕیزتر و تۆکمەتر وەڵامی ئەرکەکانی قۆناغی داهاتوو دەدەینەوە".

 

دەقی پەیامەکە

 

پەیامی مەکتەبی سیاسیی

بۆ یادی یۆبیلی زێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سەروەریمان زۆرە و ئەرکمان زۆرتر

———

کەسوکاری سەرفرازی شەهیدان

پێشمەرگە قارەمانەکان و هەڤاڵانی یەکێتیی

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

 

یادی پەنجا ساڵەی دەستپێکی خەباتی یەکێتییەکەتان، لە هەمووتان و لە هەموومان پیرۆز بێت.

 

پەنجا ساڵ پێشتر ، ساڵی ١٩٧٥ ، حزبی شەهیدان ، بە دەستپێشخەری سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵەکانی  لەدەستەی دامەزرێنەر جاڕی تێکۆشانێکی درێژخایانیان بۆ رزگاری و بۆ مافەکانی گەلی کوردستان دا، کەمتر لە ساڵێکیش دوای ئەوە، لە ١-٦-١٩٧٦دا بڵێسەی شۆرشی نوێ هەموو شاخ و دەشت و دۆڵی وڵاتەکەمانی گرتەوە.

 

لەم کاروانە زێڕینەدا هەزاران شەهیدی سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگ، سەدان نەبەردی پێشمەرگانە و موقاوەمەی زیندان و سێدارە و چالاکی رێکخستن و خۆپیشاندان و مانگرتن، تێکڕایان بوونە ناونیشان و رەمزی قۆناغێکی نوێی بەرخۆدانی کوردایەتی و دیموکراتی بە ناوەرۆکێکی پێشکەوتنخوازی کۆمەڵایەتییەوە. وێستگەکانی تێکۆشانی یەکێتیی کە هیوا و ئاواتی میللەتەکەمانی زیندووکردەوە، لەهەموو ئاست و بوارەکانی سیاسەتدا نوێ و دەگمەن و بێ وێنەبوو، تێکۆشانی ژنان و پیاوان، کچان و کوڕانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان وا کۆمەڵانی خەڵکی جۆشدایەوە کە کوردستان بە کردەوە بووە گۆڕەپانی جوڵانەوەیەکی هەمەلایەنەی سیاسیی، پێشمەرگایەتی، روناکبیری، ئیعلامی و جەماوەریش. لە ماوەیەکی  کورتدا، سەرەڕای ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ، وێڕای خۆخۆری و سەرکوت و ستەمی رژێمی بەعسی داگیرکەر، توانی ویستی میللەتەکەمان بۆ ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە راپەڕینی سەرتاسەریدا سەربخا و بۆ یەکەمین جار لە ژیانی تێکۆشەراندا ئاواتەکانی رزگاری و دیموکراسیی و حوکمڕانی خۆبەخۆ و خۆمانی بە دیبێت. سەرەنجام لە سایەی قوربانی و رەنج و هیلاکی یەکێتییەکەتاندا ئەزموونی دیموکراسیی لە هەرێمی کوردستان بەسەر هەموو تەنگژە و دژوارییەکاندا زاڵبوو و کاروانی سەرکەوتووی خۆی گەیاندە قۆناغی روخانی رژێمی دیکتاتۆری و ئاواکردنی عیراقێکی فیدراڵی و دیموکراسیی و ئاوەدانکرنەوەی وڵات بە ئازادی کەرکوک و خانەقین و تێکڕای ناوچە دابڕاوەکانیشەوە کە نەخشەرێگای دەستووری لە ماددەی ١٤٠دا بۆ دانراوە دوای دەیان ساڵ لە داڕزان و داکەوتن، تەعریب و تەبعیس و ئینجا تیرۆر و تەرهیبیش کە بەسەر میللەتەکەماندا هێنرا.

 

هەر لە قۆناغی پرۆسەی دیموکراسی و دەستوریشدا سەرۆک مام جەلال، دامەزرێنەر و سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانیی  کوردستان ، رابەر و پێشمەرگەی دیموکراتخواز بووە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی جێی متمانەی گەل و سەمام ئەمانی عێراقی فرە نەتەوە و فرە مەزهەب و فرە کێشە و لە ئەزموونی سەرۆکایەتی خۆیدا نموونەی جاویدان  و مەزنی لەسەر لێوەشاوەیی تێکۆشەری یەکێتیی و لەخۆبوردوویی  حزبی شەهیدان  پێشکەشی کوردستان و گەلانی عیراقیش کرد کە بۆ هەتا هەتایە شانازییە بۆ میللەتەکەمان لە ئاستی دونیادا.

 

هەڤاڵان و کۆمەڵانی خەڵکی جوامێر و بەوەفای کوردەواری کە هێزی لە بن نەهاتووی یەکێتیی و کوردایەتیین، لەم رێڕەوە پەنجا ساڵییەدا   یەکێتیی هەمیشە ئاوێتەی رەنج و قوربانی،  ئازار و هیواکانی جەماوەر   بووە. لێی دوور نەکەوتۆتەوە و لێی جیانەبۆتەوە، هەر  لەبەر ئەوەش یاد و یادگارەکانی ، شەهید و قوربانییەکانی دەیان ساڵەی  بۆنە و سەروەری نەتەوەیی و نیشتمانین و کۆمەڵانی خەڵکی خۆیان لەگەڵ یەکێتی خاوەندارێتی لێ دەکەن و پێی شاد و سەربەرزن .

جا ئەمرۆش کە لەهەلومەرجێکی نوێباودا یادی یۆبێلی زێڕین دەکەینەوە، کوردستان و یەکێتییەکەی ، عێراق و ئەزموونەکەی ئەرک و فرمانی تازەیان لەسەر شانە و پێویستە لەگەڵ خۆشی و شانازی یادەکەدا هەموومان  بۆ ئەرکەکانی نوێی خەباتی سیاسیی ئامادە بین ، خۆمان مشتوماڵ بکەینەوە و لەسایەی یەکێتییەکی پتەوتر ، یەکریزتر و تۆکمەتردا وەڵامی ئەرکەکانی قۆناغ بدەینەوە ، هەڤاڵانی دێرین و ئێستامانی بۆ ساز بدەین و گەلەکەمانی بۆ جۆشبدەین، کچان و کوڕانی نەوەکانی تازەی کوردەواری بهێنینە پای ئەم خەباتە ستراتیژییە کە  هێشتا زۆری ماوە بگاتە دوا مەنزڵی ( ئاشتی،  دیموکراسی ، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین).

سڵاو و درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کاروانی پەنجا ساڵە و تێکرای شەهیدانی کوردستان و عێراق.

سڵاو لە خەباتگێڕانی دێرینی هەموو قۆناغ و سەردەمەکان کە یەکێتییان کردە  ئەم

تەلارە بەرز و بڵندەی سەرتاسەری کوردستان.

 بەڵێنی ئەمڕۆی یەکێتیش بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافل جەلال تاڵەبانی هەر ئەوەیە کە ئەمانەتی حزبی شەهیدان دەپارێزین و ئاڵای سەوزەکەی  بە شەکاوەیی دەمێنێتەوە.

 پێکەوە ئەم ئەرکە بەدیدێنین و پێکەوەش دەیکەینە خەڵاتی شایستە بۆ کورد و کوردستان.

لەیادی یۆبیلی زێریندا وەک مامی گەورەمان دەیوت ( ئێوەش هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن)

 

مەکتەبی سیاسیی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان