نمرەی پۆلە ناکۆتاکان راگەیەندرا
رەوەز
٣١ی ئایاری ٢٠٢٥
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەریمی کوردستان رایگەیاند؛ کە نمرەکانی پۆلە ناکۆتاکانی قوتابخانە حکوومییەکانی هەرێم لە ئەپڵیکەیشنی "ئی-هەڵسەنگاندن" بڵاوکراونەتەوە.
بەپێی راگەیەنداوی ئەم وەزارەتە، زیاتر لە یەک ملیۆن و سێسەد هەزار قوتابی پۆلە ناکۆتاکان لە پۆلی چوارەمی بنەڕەتییەوە تا یازدەیەمی ئامادەیی دەتوانن ئەنجامی کۆتایی وەرزی دووەم کە خولی یەکەمە وەربگرنەوە.
وەزارەتی پەروەردە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە قوتابییان و خێزانەکانیان دەبێت بە وردی و دڵنیاییەوە کۆدی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی بەکاربهێنن بۆ ئەوەی بتوانن بە دروستی دەست بە ئەنجامەکانیان بگەن.
وەزارەتەکە رونکردنەوەی داوە کە نوسینی ژمارەکان پێویستە بە ژمارەی ئینگلیزی بێت، بەبێ بەکارهێنانی سپەیس یان هەر جۆرە ئاماژەیەک.
بەپێی ئاماژەکانی وەزارەتەکە، لە کاتی دەرکردنی ئەنجامی پۆلی نۆی بنەڕەتیدا، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییان بەهۆی بەکارهێنانی ژمارەی کوردی و سپەیس و هەندێک ئاماژە لەگەڵ هەڵەکردن لە وشەی نهێنیدا هەوڵیان بۆ چوونە ناو سیستمەکە داوە کە لە ئەنجامدا سیستم هەژمارەکانی لۆک کردوون.
بۆیە وەزارەتەکە داوای لە هەموو قوتابییان کردووە کە دڵنیابن لە بەکارهێنانی دروستی زانیارییەکان بۆ دەستگەیشتن بە ئەنجامەکانیان.