حالەتێکی دیکەی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون لە دەڤەری راپەڕین دەستنیشانکرا
محەمەد رزگار
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٥
حاڵەتێکی دیکەی توشبوون بە تای خوێنبەربوون لە قەزای رانیە دەستنیشانکرا، هاوکات وەزارەتی تەندروستی دەلێت: توشبووەکە تەمەنی 29 ساڵە و پیشەی ئاژەڵدارە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڵاویکردەوە، حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا و توشبووەکە پیاوێکی دانیشتوی ناحیەی بۆسکینە لە قەزای رانیەیە و تەمەنی 29 ساڵە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، توشبووەکە پیشەی ئاژەڵدارە و بەرکەوتەی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو هەبووە، دوای گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی و چەندین رێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتەبەر، لە ئێستادا لەژێر چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەکات و جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، دەشڵێت؛ لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، هاووڵاتیانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، پێویستە بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
جێگەی ئاماژەیە لەماوەی دوو مانگی رابردوو تەنها چوار حالەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە، کە حالەتێکیان لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانی لەدەستدا و حالەتەکانی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوونە.