دەستەی مافی مرۆڤ: نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێچەوانی دەستور و بڕیاری دادگای فیدڕاڵیە
محەمەد رزگار
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٥
دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت: بڕینی قوتی خەڵک کە مافی خۆیانە بۆ ژیان کردن تاوانێکی گەورەیە ئەوە جگە لەوەی موچەخۆران توشی دڵە ڕاوکێ و ترس دەکات.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەسەر نەناردنی موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە پەیامێک بڵاودەکاتەوە و داوای چارەسەری ئەو پرسە دەکات پاڵپشت بە دەستورو بڕیاری دادگای فیدڕاڵی.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاندووە، دیسان پرسی نەناردنی موچەی فەرمانبەران و مامۆستاو خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە سەری هەڵداوەو بوە باس و پرسی خەڵک.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری راگرتنی موچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەهەر بیانوەک بێت پێچەوانەی بنەماکانی دەستورو بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیە کە نابێت بابەتی موچە تێکەڵی کێشەو پرسە سیاسیەکان بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بڕینی قوتی خەڵک کە مافی خۆیانە بۆ ژیان کردن تاوانێکی گەورەیە ئەوە جگە لەوەی موچەخۆران توشی دڵە ڕاوکێ و ترس دەکات و کاریگەری گەورە لەبازاڕ و کاسبی هاووڵاتیان دەکات.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا لە سەرۆک وەزیرانی عیراق دەکات هەرچی زووە موچەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بنێرن و بۆ چارەسەری کێشەکانیش هەوڵ بدەن بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گڤتوگۆو دانوستاندن و پشت بەستن بەدەستورو رێککەوتنەکان .