هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی تونێلی پێشڕەوەوە هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە
هەساو ئەمیر
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٥
هاتوچۆی سلێمانی لە ڤیدیۆیەکدا باسی لە دوایین کارەکانی شەقامی هەواری شار بۆ تونێلی پێشڕەو کردووە و داواش لە هاووڵاتیان دەکات، تا دەتوانن لە رێگای شاخی ئەزمڕەوە هاتوچۆ بکەن.
هاتوچۆی سلێمانی باسی لەوەکردووە، شەقامی هەواری شار بۆ تونێلی پێشڕەو لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، تیمەکانی کە کار لە شەقامەکەدا دەکەن زیاتر دەچنە بەردەم تونێلەکە، بۆیە فراوانی شەقامەکە کەم دەبێتەوە وئاستەنگی هاتوچۆ دروست دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شەقامێکی لاوەکی دروستکراوە بۆئەوەی شەقامی تونێلی پێشڕەو بەربەست نەکرێت، بەڵام دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ.
رێگای شاخ بەکاربهێنن
داواش لە هاووڵاتیان دەکەن، بۆ دووربوون لە قەرەباڵغی و کەمبوونەوەی فشار لەسەر شەقامی تونێلەکە بەتایبەت لە رۆژانی گەشت و سەیراندا، رێگای شاخ 'شاخی ئەزمڕ' بەکاربهێنن تاوەکو کارەکانی دیکە کۆتاییان پێدێت.
هاتوچۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا تیمەکانی هاتوچۆ رێگای شاخی ئەزمڕیان دەستکاری کردووە و چاڵ و چۆڵییەکانیان چاککردووە بۆئەوەی هاتوچۆی هاووڵاتیان ئاسانتر ببێت.