وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا كارتی ئەلیكترۆنی كۆبۆنی عیراق لە سێ پارێزگاكەی تری هەرێمی كوردستان كارا دەكرێت.

تالیب حەسەن نیعمە بەڕێوەبەری پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانیی عیراق رایگەیاند، زیاتر لە 23 ملیۆن و 500 هەزار كەس لە سنوری 13 پارێزگای عێراق زانیارییەكانیان لە سیستمی ئەلیكترۆنی كۆبۆنی خۆراك نوێ كردووەتەوە و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت تا سەرجەم هاووڵاتیان بە ئەلیكترۆنی تۆمار دەكرێن.

دەشڵێت، هەفتەی رابردوو، سیستمی ئەلیكترۆنی كۆبۆنی خۆراك لە پارێزگای هەڵەبجە كاراكرا، بڕیارە ئەم هەفتەیەش سیستمەكە لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی كارابكرێت.

وتیشی، لە سنوری شەش پارێزگای عێراق ناوی 600 هەزار هاووڵاتیی لە سیستمی كۆبۆنی خۆراك سڕدراوەتەوە، بەهۆی مردن و چوونە دەرەوەی وڵات و دووبارە بوونەوە و ناوی وەهمییەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، تا سەرەتای مانگی تەمموز سیستمەكە لە سەرتاسەری عێراق كارا دەبێت و پێویستە سەرجەم خێزانەكان لەو سیستمە زانیارییەكانیان نوێ بكەنەوە.