پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێران كۆبوونەوە و چەند یاداشتێكیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا، پێشكەشی پزیشكیان كرد.


نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەكالەت بە كوردسات نیوزی راگەیاند، كۆبوونەوەی پارێزگارەكانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆك لەگەڵ مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران دوو سەعاتی خایاند.


وتیشی، جگە لەو لێكتێگەیشتنەی لە دوو رۆژی رابردوو لەگەڵ پارێزگارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئیمزا كرا، هەر پارێزگارێك چەند یاداشتێكی لەبارەی كێشەكانی پارێزگاكەی ئاڕاستەی پزیشكیان كرد.


نوخشە ناسیح ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، یاداشتێكی تایبەت بە دەروازەی سنووری سازان و منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە و بریندارانی چەكی كیمیایی پێشكەش بە سەرۆك كۆماری ئێران كرد و چاوەڕوانن لە داهاتوودا ئەو كێشانە بە هەماهەنگی هەردوولا چارەسەر بكرێن.