هاتوچۆی هەولێر بۆ هاووڵاتیان: ئەگەر ئەم دیاردەیەتان بینی وێنە و ڤیدیۆمان بۆ بنێرن
هەساو ئەمیر
٢١ی ئایاری ٢٠٢٥
هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، نابێت هیچ شۆفێرێک شۆفێرەکانی دیکە لەسەر شەقام بێزار بکات و داواش لە هاووڵاتیان دەکات، ئەگەر ئۆتۆمبێلێکیان بینی لە لاڕێی شەقام سەر شۆستەکاندا دەڕوات و شۆفێران بێزار دەکات، ئەوا وێنە و ڤیدیۆی بنێرن بۆ هاتوچۆ.
هاتوچۆی هەولێر داوا لە شۆفێران دەکات، لە کاتی گەشتکردنیان بۆ ناوچە گەشتیارییەکان، ئارامیان هەبێت و پابەندی یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆ بن، پابەندبن بە لێخوڕین لەسەر رێگای قیرتاوکراو، بە هیچ شێوەیەک لەسەر شۆستەی رێگاکان نەڕۆن بۆئەوەی نەبنە هۆکاری بێزارکردنی گەشتیارانی تر و توشی سزای پێبژاردن نەبن .
داواش لە هاووڵاتیان دەکات، ئەگەر دیاردەی لەو جۆرەیان بینی، لە رێگەی واتس ئەپ، تێلگرام و ڤایبەری ژمارەی تایبەت بە هاتوچۆوە، وێنە و ڤیدیۆی بنێرن بۆیان بۆئەوەی ئەوانیش رێکاری یاسایی بەرامبەر بگرنە بەر.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشێکی زۆری هاووڵاتیان لەکاتی گەڕانەوە لە گەشت و سەیران، بۆئەوەی لە قەرەباڵغی رێگاکاندا نەوەستن، بە لارێی شەقامەکاندا دەڕۆن کە دەبنە هۆی بڵاوکردنەوەی تەپوتۆزی زۆر لەپاش خۆیان، یان بەسەر شۆستەکاندا دەڕۆن، کە بەدەر لە بێزارکردنی شۆفێران قەرەباڵغی زیاتریش دروست دەکەن.
هاتوچۆی هەولێر بۆ هاووڵاتیان: ئەگەر ئەم دیاردەیەتان بینی وێنە و ڤیدیۆمان بۆ بنێرن