بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژى ئافرەتان و خێزان ئەو رێنماییانەی بڵاوکردەوە کە پێویستە جێبەجێ بکرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەسی هەراسانکار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

لقی سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژى ئافرەتان و خێزان چوار رێنمایی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کەسەی هەراسانکار لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ئەوانە رێنمایی گرنگن.

دقی رێنماییەکان:

1-پەیوەندی بە كەسی هەراسانكارەوە ببڕە، تەنانەت ئەگەر لەژێر گوشارێكی زۆردا بیت.

2-نابێت هیچ بڕە پارەیەك رەوانە بكەن یان ژمارەی كارتی بانكیتان ئاشكرا بكەن.

3- لە بانگەشەكانی هەراسانكار دوور بكەونەوە و هەڕەشەی ئاگاداركردنەوەی پۆلیسی لێ‌ مەكە لەكاتی روداوەكەدا، بەڵكو راستەوخۆ كەسانی شارەزاو پەیوەندیداری لێ‌ ئاگادار بكەرەوە.

4- وێنە "سكرینشوت"ـی بەڵگەكان بپارێزە بۆ بەرگریكردن لە خۆت لە كاتی سكاڵا تۆماركردندا.

لەگەڵ فراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە کۆنتڕۆڵکردنی رەفتاری تاکەکان تیایاندا سەختترە، ئەو گرفت و تاوانانەی بەهۆی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە دروست دەبن و رودەدەن زیاتر بون، ئەگەرچی هەوڵی زۆر دراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش چەندین رێکاریان بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو تاوانانە گرتوەتە بەر، بەڵام هێشتا بەهۆی ئەوەی تاکەکان دەتوانن ناسنامەی خۆیان بشارنەوە و سنوردارکردن و کۆنتڕۆڵ کردن ئاسان نییە.

باشترین رێگەچارەش هۆشیاری تاکەکان و بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕانەیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو تۆڕانەدا بکەن و بەکاریان بهێنن، هەروەها هۆشیاری بەرانبەر بە تاوانەکان و ئەو رێکارانەی دەبێت بیگرێتە بەر لەکاتی توشبون بە هەر دۆخێکی نەخوازراودا.