'لە ساڵی 2008ـەوە رووفاتی 1700 روفاتی كورد لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عیراق دەرهێنراون'
٢٠ی ئایاری ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی عیراق رایگەیاند، لە ساڵی 2008ـەوە هەزار و 700 رووفاتی كوردی هەرێمی كوردستان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكانی عیراق دەرهێنراون.
عەبدولئیلا نائلی سەرۆكی بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی عیراق رایگەیاند، لە ساڵی 2008ـەوە تا ئێستا 30 گۆڕی بە كۆمەڵ لە شوێنە جیاوازەكانی عیراق هەڵداوەتەوە و رووفاتی زیاتر لە هەزار و 700 روفاتی كوردییان دەرهێناوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەڕێوەبەرایەتیەكەیان رووبەڕووی كێشەیەكی گەورە دەبێتەوە لە دیاریكردنی ناسنامەی ئەو رووفاتانە، بەو پێیەی زۆربەی خانەوادەی شەهیدەكان مردوون، یان كۆچیان كردووە، هەروەها كەسانێك هەن كە شوێنی نیشتەجێبوونیان دەستنیشان نەكراوە.
نائلی ئاشكراشیكرد، پلانیان هەیە بۆ كردنەوەی چەند بەڕێوەبەرایەتییەك كە یەكێكیان تایبەت دەبێت بە كاروباری كورد، بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەوانەوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كاروباری ئەنفال لە هەرێم بكەن.
پێشتر، بە هەوڵەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق چەندین گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدراوەتەوە، رووفاتی ئەو كەسانەی لەو گۆڕە بەكۆمەڵەدا بوون گەڕێنرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان.