سیستمی پەیڕۆڵ بۆ ئامادەكردنی لیستی موچەی مانگی پێنجی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كارا كرا، هەروەها بۆ ئەم مانگە بڕێك پارە لە موچەی موچەخۆران دەبڕدرێت.

لە ئاگادارینامەیەكدا كە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان بۆ یەكە ژمێریارییەكانی سەرجەم فەرمانگەكانی ناردووە و وێنەیەكی دەست كوردسات نیوز كەوتووە، ئاماژەی بە چالاككردنی سیستمی پەیڕۆڵ كراوە كە دەتوانرێت لە سبەینێوە دەست بە دروستكردنی خشتەی مانگی پێنج بكرێت.

هەروەها دەڵێت، لە پڕۆفایلی هەموو موچەخۆراندا لێبڕینی ژمارەی فەرمانبەر زیادكراوە كە 1% لە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەر دەبردرێت، ئەوەش ئەو بڕەیە كە ساڵی یەك جار لە فەرمانبەر دەبڕدرێت.

سیستمی پەیرۆڵ لەلایەن فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كاری لەسەر دەكرێت و سیستمێكی پێشكەوتووی ئەلیكترۆنییەو لە هەرێمی كوردستان نزیكەی هەزار و 400 یەكەی ژمێریاری هەن كە لەو رێگەیەوە موچەی مانگانەیان ئامادە دەبێت.