دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق رایگەیاند كە شەپۆلی بارانبارین و بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ كە چەند رۆژێكە ناوچەكەی گرتووەتەوە، ئەمڕۆ كۆتایی دێت و دۆخەكە بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە.

سادق عەتییە، بەرپرسی بەشی پێشبینییەكان لە دەستەی كەشناسی عیراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ راگەیاندنەکان؛ رایگەیاند: "لە هەندێك ناوچە هەوری باراناوی و شەپۆلی تۆز و خۆڵ تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ كاریگەرییەكەیان كۆتایی بێت و دۆخی كەشوهەوا بە شێوەیەكی تەواو ئاسایی بێتەوە".

هەروەها سادق عەتییە ئاماژەی بەوەشكرد كە: "ئەمڕۆ كاریگەری شەپۆلی خۆڵبارین بەهۆی چالاكی با-ـەوە بەردەوام دەبێت، بەڵام كاریگەرییەكەی لاواز دەبێت و ناڕەحەتی بۆ هاووڵاتیان دروست ناكات".

بەرپرسی بەشی پێشبینییەكانی دەستەی كەشناسی عیراق لە درێژەی قسەكانیدا راشیگەیاند: "لەگەڵ كۆتایی هاتنی شەپۆلی خۆڵبارین، پلەكانی گەرما كەمێك نزم دەبنەوە و دۆخی كەشوهەوا بۆ ماوەیەكی باش جێگیر دەبێت".

شایەنی باسە، ڕۆژانی ڕابردوو زۆربەی ناوچەكانی عتراق و هەرێمی كوردستان روبەروی شەپۆلێكی بەهێزی تۆز و خۆڵ و بارانبارین بوونەوە كە كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دروست كردبوو.