نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی چـوار لە سلێمانی دیاریکرا
رەوەز
٦ی ئایاری ٢٠٢٥
لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا، نرخی کارەبای موەلیدەی ئەهلی بۆ مانگی چـوار لە سلێمانی لەنێوان 6500 بۆ 7500 دینار دیاریکرد.
بەپێی راگەیاندنێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ کوردسات نیوز نێردراوە، بەپێی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەكاندا، نرخی هەر كاتژمێرێك کارەبای موەلیدە بۆ یەك ئەمپێر (42) دینار دیاریکراوە، بەمەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبای موەلیدەی ئەهلی لە گەڕەكەكانی ناوشاری سلێمانی لەنێوان (6500) بۆ (7500) دینار دەبێت.
لیژنەکە رونیشیکردۆتەوە کە ئەم نرخانە بە پێی کارکردنی موەلیدەکان لە نێوان (155 بۆ 179)سەعات لە مانگێکدا دیاریکراوە.
هەروەها بەپێی راگەیاندنەکە، خشتەی كارپێكردنی موەلیدەش بۆ مانگی (پێنج) تا بەرواری 15/5/2025 بەمشێوەیە دەبێت:
- رۆژانە لەکاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ تا 1ی شەو کاردەکەن.
- کاتژمێر 1ـی شەو دەکوژێتەوە تا 6:30ـی بەیانی.
- کاتژمێر 6:30ـی بەیانی تا 8:00ـی بەیانی کاردەکەن.
- کاتژمێر 8ـی بەیانی تا 12ـی نیوەڕۆ کارناکەن.
لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان، لە کۆتایی راگەیاندنەکەدا جەختیان لەوەكردۆتەوە كە لەكاتی كوژاندنەوەی كارەبای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی موەلیدە و پێدانی كارەبا بەهاووڵاتیان لە (پێنج) خولەك زیاتر بخایەنێت، بەپێچەوانەوە خاوەن موەلیدەكە سزادەدرێت.