قوباد تاڵەبانی بە بۆنەی کۆچی دوایی، سری سورەیا ئۆندەر پەرلەمانتاری دەمپارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵیەوە پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت؛ پێش دوو مانگ بە دڵێکی پڕ لە هیوا و سیمایەکی سەرڕێژ لە گەشبینییەوە دەیڕوانییە پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی گەلی کورد لە تورکیا و ناوچەکەدا. بە داخەوە مەرگ مەودای بەو دڵە پڕ هیوایە نەدا تا ئەو داهاتووە پرشنگدارەی پێکەوەژیان کە تەمەنێک لەپێناویدا خەباتی کردبوو، بە چاوی خۆی ببینێت.

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:

پێش دوو مانگ بە دڵێکی پڕ لە هیوا و سیمایەکی سەرڕێژ لە گەشبینییەوە دەیڕوانییە پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی گەلی کورد لە تورکیا و ناوچەکەدا. بە داخەوە مەرگ مەودای بەو دڵە پڕ هیوایە نەدا تا ئەو داهاتووە پرشنگدارەی پێکەوەژیان کە تەمەنێک لەپێناویدا خەباتی کردبوو، بە چاوی خۆی ببینێت.

هەواڵی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەمپارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی هەموومانی دڵگران و تازیەبار کرد. لە دڵەوە سەرەخۆشی لە هەڤاڵەکانی لە دەمپارتی و هەموو ئاشتیخوازانی کورد و تورک دەکەم و هیوادارین هەرچی زووترە ئاواتە مەزنەکەی بە هەوڵ و هیممەتی ئاشتیخوازان بێتەدی.