سودانی ئەحمەد شەرع بانگهێشتی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا دەکات
رەوەز
٢ی ئایاری ٢٠٢٥
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند کە بەستنی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە جەخت لە رۆڵی عیراق لە ناوچەکەدا دەکاتەوە بەهۆی هەڵوێستە هاوسەنگەکانی بەرامبەر بە کێشەکانی ناوچەکە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسی ئەمریکی تیم کۆنستانتین، سودانی جەختی کردەوە کە “عیراق لە کۆبوونەوەی لوتکەکەدا پێشەنگ دەبێت و چارەسەر بۆ قەیرانە جیاوازەکانی ناوچەکە پێشکەش دەکات.”
سەبارەت بە بانگهێشتکردنی سەرۆکی سوریا، ئەحمەد شەرع، سودانی رونیکردەوە کە “بانگهێشتەکە بەپێی پرۆتۆکۆلی باوی کۆمکاری عەرەبی کراوە. شەرع نوێنەرایەتی دەوڵەتی سوریا دەکات، بەبێ گوێدانە شێوازی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا.”
سەرۆک وەزیرانی عیراق زیاتر جەختی کردەوە کە “ئامادەبوونی شەرع گرنگە تاوەکو دیدگای نوێی سوریا لەبەردەم دەوڵەتە عەرەبیەکاندا رون بکاتەوە، چونکە زۆربەی وڵاتان حەزدەکەن سوریا قەیرانەکەی تێپەڕێنێت. ئێمە گرنگی بە ئاسایشی سوریا دەدەین چونکە بەشێکە لە ئاسایشی نەتەوەیی عیراق.”
هەروەها سودانی جەختی کردەوە لەسەر پێویستی “هەبوونی هەڵوێستی رون بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە سوریا و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە ئاسایشەوە هەیە.” ئاماژەی بەوەش کرد کە “گرووپە تیرۆریستیەکانی داعش بە چالاکی و کارایی بەرچاو لە سوریا ئامادەییان هەیە.”
وابڕیارە عیراق، رۆژی پێنجشەممە 17ـی ئایاری 2025 لە کۆشکی سەخیر میوانداری لوتکەی عەرەبی سی و چوارەم (لوتکەی بەغدا) بکات، بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی.
گۆڕەپانی سیاسی عیراق دابەشبوونێکی ڕوونی بەخۆیەوە بینی لەسەر بەشداریکردنی شەرع لە لوتکەی بەغدا، دوای ئەوەی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە عێراقەوە وەرگرت بۆ ئامادەبوون. ئەم دابەشبوونە لە هەڵوێستی هەندێک لە هێزە سیاسییەکانی عێراقدا دەرکەوت، بەتایبەت ئەوانەی نزیکن لە ئێران، کە ناڕەزایی یان دوودڵی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە بەشداریکردنی شەرع، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق بەرگری لە بڕیارەکەی کرد و ڕایگەیاند کە مەسەلەی بانگهێشتکردنی سەرکردەکان و بەشداریکردن لە لوتکەکەدا کارێکی تەواو حکومییە و پەیوەندی بە کێشە سیاسییە ناوخۆییەکانەوە نییە.