خانمی یەکەمی عیراق پێشوازی له باڵیۆزی ژاپۆن کرد
محەمەد رزگار
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی پێشوازیکرد لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق ئاکیرا ئیندۆ و وەفدی یاوەری .
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە سارا لەتیف رەشید سەرۆکی رێکخراوی مناڵپارێزی کوردستان ئامادەی بوو ستایشی هەوڵەکانی کرد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختی لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لە بوارە رۆشنبیری و مرۆییەکاندا کردەوە بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ پاراستنی پەیوەندی و لێکنزیکبوونەوە لەنێوان گەلانی عیراق و ژاپۆن.
سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان سارا لەتیف رەشید باسی له هەوڵەکان کرد له پێناو بەهێزکردنی سیستمی پاراستنی منداڵان و بنیاتنانی ژینگەیەک که ژیانێکی ئارامیان بۆ دابین بکات.
لای خۆیەوە باڵیۆز ئاکیرا ئیندۆ پلانەکانی وڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و هاریکاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات خستەروو بەتایبەتی لەبوارەکانی پەروەردە و کەرتە گرنگەکانی دیکەدا کە بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری دەکەن لەبەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدان و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی وڵاتدا.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا خانمی یەکەم و وەفدی ژاپۆنی سەردانی یەکێک لەبازاڕە بەناوبانگەکانی شاری سلێمانییان کرد که گوزارشت له مێژووی کورد دەکات.



