قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ فەرامەرز ئەسەدی کونسوڵی گشتیی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا گفتوگۆ کرا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختیکردەوە کە هەرێمی کوردستان خوازیاری گەشەپێدانی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ ئێران و بە تایبەتیش لە بواری بازرگانیدا.

هاوڕاشبوون لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش بۆ کارئاسانیکردنی زیاتر بۆ بازرگانانی هەردوولا.