بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی یادی 127 ساڵەی دەرچونی یەکەمین رۆژنامەی کوردییەوە پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، "وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبم بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادی نووسین، لەم رۆژەدا رۆژنامەوانان دڵنیادەکەمەوە کە بەهەموو توانامەوە رێگردەبم لە بەرتەسکردنەوەی کاری رۆژنامەوانی و پێشێلکردنی مافی رۆژنامەوانان"
 
دەقی پەیامەکە 
 
بەبۆنەی یادی 127 ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی بەناوی 'کوردستان'ـەوە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو راگەیاندنکار و رۆژنامەوانانە دەکەم کە پیشەییانە شانیان داوەتەبەر بەجێگەیاندنی ئەرکی میدیایی و وەک خامەیەکی سەنگین و بوێر و ئازا خزمەتی رەوتی رۆژنامەگەریی کوردی و گەلەکەمان دەکەن.
 
وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبم بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادی نووسین، رەخنەگرتن و ئازادی رادەربڕین کە پایەیەکی سەرەکی پێشکەوتنی هەرێمەکەمان و کۆمەڵگەی کوردین.
 
لەم رۆژەدا رۆژنامەوانان دڵنیادەکەمەوە کە بەهەموو توانامەوە رێگردەبم لە بەرتەسکردنەوەی کاری رۆژنامەوانی و پێشێلکردنی مافی رۆژنامەوانان. دووپاتیدەکەمەوە کە دەبێت لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ هەر كه‌يسێكى رۆژنامەوانيدا بکەن.
 
داواکاری من لە رۆژنامەوانانی بەڕێز ئەوەیە کاری لەپێشینەیان پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی بێت و ببنە پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌نديی خەڵکە خۆشەویستەکەمان. ئەرکی رۆژنامەوانانە پیشەییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرس و رووداوەکاندا بکەن و کارەکەیان تێکەڵی رقی کەسی و حیزبی نەکەن و هەڵگری قەڵەمێكی راستگۆ و بوێربن.
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان