سی پی تی: توركیا لە دوو رۆژدا 155 جار هێرشی كردووەتەسەر سنوری ئامێدی
٢٠ی نیسانی ٢٠٢٥
توركیا چەند ناوچەیەكی سنوری ئامێدی بۆردومان و تۆپباران كرد و رێكخراوێكیش دەڵێت تەنها ئەمڕۆ 53 هێرش كراوەتە سەر ئەو ناوچەیە.
سوپای توركیا دوو رۆژە هێرشەكانی بۆ سەر ناوچەكانی گارە و مەتینا و ژمارەیەك گوندی سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك چڕكردوەتەوە.
رێكخراوی سی پی تی ئەمریكیش بڵاویكردەوە، هەینی و شەممە سوپای توركیا لە رێگەی هەلیكۆپتەر و تۆپخانەكانیەوە هێرشی كردووەتەسەر چەند گوندێكی قەزای ئامێدی و ناوچەكانی نزیك چیای مەتینا و گارە و بە چڕی تۆپبارانی كردوون.
بە پێی زانیارییەكانی سی پی تی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا سوپای توركیا 155 جار هێرشی كردووەتەوە سەر 12 گوندی سنوری ناوچەكانی گارە و مەتینا و ترس و دڵڕاوكێی زۆری لە ناوچەكە دروستكردوە.



