بۆ تاوتوێكردنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی لەنێوان هەولێر و بەغداد و كۆمپانیا نەوتییەكان بەڕێوەچوو.

 

هەردوو وەفدی حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان لە هەولێر لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێم كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

 

ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە كار و چالاكیی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی نەوت كراوە و بۆچوونی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنی نەوتیش لەوبارەیەوە وەرگیراوە.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە، بڕیاربوو رۆژی شەممە نوێنەرانی وەزارەتەكانی نەوتی عیراق و سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان ناسراو بە ئەپیكور لە بەغداد كۆببنەوە بە ئامانجی گەیشتن بەرێككەوتن و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام كۆبوونەوەكە دواخرا.