رێكخراوی پوگواش- عیراق یەكەمین كۆنفراسنی ناوچەیی لە سلێمانی رێك دەخات
لاوان
١٨ی نیسانی ٢٠٢٥
رێكخراوی پوگواش- عیراق لە شاری سلێمانی یەكەمین كۆنفرانسی ناوچەیی رێك دەخات و تێیدا، تاوتوێی رێگریی لە بڵاوبوونەوە و بەكارهێنانی چەكە كۆكوژەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت.
كۆنفرانسەكە سەعات 9ـی بەیانی رۆژی شەممە لە هۆتێل رۆتانای شاری سلێمانی دەستپێدەكات و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، ژمارەیەكی زۆر لە پسپۆڕ و توێژەر و لێپرسراوانی باڵای ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە كۆنفرانسەكەدا ئامادە دەبن، لە نێویاندا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم.
لە كۆنفرانسەكەدا ئاڵەنگاری و دەرفەتەكان بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوە و بەكارهێنانی چەكی كۆكوژ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڵاڵە دەكرێت و هاوكات ، تیشك دەخرێتەسەر هەنگاوە كردارییەكان بۆ داماڵینی چەك و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بە رێگەی دیپلۆماسی.
هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی بۆ بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكە گرنگییەكی رەمزی هەیە، بەوپێیەی سلێمانی قوربانییەكی دیاری چەكی كۆكوژە بە تایبەتی هەڵەبجە كە یەكێك لە كوشندەترین چەكە كیمیاییەكانی تیادا بەكارهێنراوە، بڕیاریشە هەر لەپەراوێزی بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكەدا گەشتێكی مەیدانی بۆ هەڵەبجە رێك بخرێت.