بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە رووبەروبونەوەیەکدا لەناوچەی پشدەر- کورتەک، دەستیان بەسەر شەش کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، شەوی 17\4\2025 لە ئۆپراسیۆنێکدا لە ناوچەی (پشدەر/کورتەک) دوای ئەوەی هێزەکانمان لەهەوڵی دەستگیرکردنی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەردابوون، کە دانیشتوی قەزای کەڵەک-بەردەڕەشن بەڵام تۆمەتباران ئامادەنەبوون خۆیان بەدەستەوە بدەن،  سەرئەنجام تۆمەتبارێکیان بە چەک رووبەروی هێزەکانی ئاسایش دەبێتەوە دواتر بە ئۆتۆمبێل هەوڵی هەڵهاتن دەدات لە ئەنجامی رووبەروبونەوەکە یەکێک لە بازرگانان بریندار دەبێت .

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکە بە زووترین کات دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە پاش پشکنینە تەندروستیەکان و دەستگرتن بەسەر ئامرازێکی کێشانی ماددەی هۆشبەر لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دەرکەوت ئەم بازرگانە لەژێر کاریگەری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەردابووە، لەپاش ئەنجام دانی نەشتەرگەری گیانلەدەست دەدات .

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاند، لە ماوەی رابردوودا هەردوو بازرگان و گوازەرەوەی ماددەی هۆشبەر بەناوەکانی(ق،ع،ع) تەمەن(40) ساڵ و (ئ،ح،ع)تەمەن(34)ساڵ، لە نێوان تۆڕەکانی بازرگانی مادەی هۆشبەر و شارەکانی دهۆک ، هەولێر ، سۆران ، زاخۆ کاری گواستنەوە و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەریان کردووە چەند جارێکیش ترانزێتی ماددەی هۆشبەریان بۆ وڵاتی تورکیا کردووە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا یەکێک لە تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی (25) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە .