پۆلیسی گەرمیان ئاشکرایکرد، دوێنێ، لە قەزای کەلار شەر لەنێوان دوو تیپی تۆپی پێ دروست بووە و لەئەنجامدا راهێنەرێک بە چەقۆ سێ یاریزانی بەرانبەری بریندارکردووە.

 

علی جەمال قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردەوە، دوێنێ پێنجشەمە دوو تیپی وەرزشی تۆپی پێی ناحییەی رزگاری بەمەبەستی یاری کردن هاتونەتە گەڕەکی سەرکەوت لەقەزای کەلار، لەکاتی یاریکردندا گرژی لەنێوان یاریزانان دروست بوەو راهێنەرەکەیان بەچەقۆ لە سێ یاریزانی بەرانبەری داوە و برینداری کردوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەمەبەستی چارەسەر بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی شەهید هەژار کران و چارەسەری پێویستیان بۆکرا و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

 

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان راشیگەیاند، تۆمەتبارەکە بەناوی ( س -ر - ح ) دەستگیر کراوەو بەبڕیاری دادوەر بەپێی مادەی 413 بەندکراوە و لێکۆڵینەوەش لەروداوەکە بەردەوامە.