سەرۆك كۆماری عیراق داوا لە موقتەدا سەدر دەكات بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا بكات.

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق داوا لە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر دەکات بەشداری لە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بکات.

راشیگەیاند، كاتی ئەوە هاتووە بزووتنەوەی نیشتمانی شیعە بگەڕێتەوە بۆ رۆڵی سیاسی خۆی.

ئەوەشی خستە روو، ئەنجوومەنی نوێنەران مەیدانی راستەقینەیە بۆ راستكردنەوەی هەڵەكان. دەشڵێت، كەس ناتوانێت نكۆڵی لە رۆڵی دوو شەهیدی سەدر بكات لە بەگژداچوونەوەی ستەمكاری.

روونیشێکردەوە، "پرۆسەی سیاسی بەبێ بەشداری بزووتنەوەی نەتەوەیی شیعە ناتەواوە، ئێوە دەستتان بە پرۆسەكە كردووە و هیچ بژاردەیەك نییە جگە لە تەواوكردنی، بەشداری بزوتنەوەی نەتەوەیی شیعە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستە".

ئاماژەی بەوەشکرد، دۆستەكانی رژێمی پێشوو چاوەڕێی دەرفەتن بۆ وەرگرتنەوەی ئەوەی لەدەستیان داوە.

بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت و پێشتریش موقتەدا سەدر رایگەیاندبوو، بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا ناکات.