لەدوای ئەم شەپۆلی سەرمایە؛ کەشناسی پێشبینی نوێی کەشوهەوای راگەیاند
هەساو ئەمیر
١٦ی نیسانی ٢٠٢٥
گوندی گوڵان- ناحیەی سەرکەپکان- ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین- کوردستان
دوای ئەوەی ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی سەرما و بەفر و باران کوردستان بە گشتیی گرتووەتەوە، کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و دەڵێت، سەرما کۆتایی پێدێت.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان لەنێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت و ئەگەری نمەبارانێکی کەم هەیە لەسەر ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی باکور و باکوری رۆژئاوا ، هەروەها خێرایی با زیاد دەکات و دەگاتە 20 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.
ئەوەش هاتووە، سبەینێ پێنجشەممە، ئاسمان پەڵەهەور دەبێت، پاشان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، ئەگەرى نمەبارانێکی کەم هەیە لەسەر هەندێک لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵات، بەهەمان شێوە خێرایی با وەک ئەمڕۆ چوارشەممە دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سەرەڕای هەبوونی نمەباران، بەڵام پلەکانی گەرما ئەمڕۆ 3 بۆ 5 پلە و سبەینێ 4 بۆ 6 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 21 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 20 پلەی سیلیزی
دهۆک: 19 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 24 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 20 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی
سۆران: 19 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 5 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 27 پلەی سیلیزی