دەم پارتی رایگەیاند، رەوشی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دڵ، جێگیر نەبووە و پێویستی بە چاودێریی پزیشكی هەیە.

پارتی یەكسانی و دیموكراسی دەم پارتی لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە: سری سورەیا ئوندەر، ئەندامی وەفدی ئیمرالی و  جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دوای نەشتەرگەریی دڵ رەوشی لەژێر چاودێریی پزیشكیدا ماوەتەوە و رەوشی جێگیر نەبووەتەوە.

ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بڵاوی كردوە لەگەڵ گەیشتنی ئۆندەر بۆ نەخۆشخانەیەكی ئیستەنبوڵ جەماوەڕێكی زۆر تا درەنگای شەوی سێشەممە لە بەردەم نەخۆشخانەكە ماونەتەوە.

تولای هاتمئۆغڵاری لە بەردەم نەخۆشخانەكە و لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئۆندەر لە ژیانیدا زۆر رەوشی قورسی تێپەڕاندوە و بە دڵنیاییەوە ئەوەی ئێستاش تێدەپەرێنێت.

هاوكات ئایشەگول دۆغان وتەبێژی دەم پارتی  وتی: سری سوریا ئۆندەر نەشتەرگەریی دڵی بۆ كراوە و رەنگە پێویست بێت نەشتەرگەریی دیكەشی بۆ بكرێت.