قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئێرمان تۆپجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.

 

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، باس لە دواین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە هەرێمی کوردستان پشتیوانی سەرکەوتنی پرۆسەکەیە و هەر ئەرکێک بکەوێتە سەرشانی جێبەجێی دەکات.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ناوچەکە کرا و لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەیدا بەوەی کە پێویستە هەموو لایەنەکان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە کێشەکان چارەسەر بکەن و یارمەتیدەربن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

 

سەبارەت بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە گفتوگۆکان بە شێوەیەکی باش و ئەرێنی بەڕێوەدەچن و هیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا یەکێتی و پارتی رێکبکەون لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو.