فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بۆماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت
هەساو ئەمیر
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
12 یەمین فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دەستیپێكرد و بۆماوەی چوار رۆژ پێشوازی لە میوانانی فێستیڤاڵەكە دەكرێت، پێشبینیش دەكرێت زیاتر لە 500 هەزار كەس سەردانی فێستیڤاڵەكە بكەن.
فێستیڤاڵەكە تا رۆژی شەممە 31ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، كە تیایدا 520 جوتیار و خاوەنكار خواردەمەنی و كەلوپەل و كاڵاكانیان نمایش دەكەن.
هاوكات، لە فێستیڤاڵی هەناردا چەندین چالاكی بازرگانی و هونەری و كلتوریی ئەنجامدەدرێن و چەندین كاری دەستی و دیزاینی نوێی جلی كوردی نمایش دەكرێت.
نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، ساڵانە لە وەرزە جیاوازەكاندا هەڵەبجە دەیان بەرهەمی جیاوازی پێدەگات و ئەوەش هەلی كاری زۆری بۆ گەنجی سنورەكە رەخساندووە، هەر بۆیە ئەركی حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكانە بازاڕی ساغكردنەوەی ئەو بەرهەمانە فەراهەم بكات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە پێشبینی دەكات، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 500 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەكە بكەن و زیاتر لە هەزار و 600 شوێنی مانەوە بۆ گەشتیاران ئامادە كراوە.


