شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دانپێدانانێکی رەسمییە بە قوربانییەکانی خەڵکی شارەکە
١٤ی نیسانی ٢٠٢٥
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەبۆنەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت: ئەم بڕیارە دەبێت هەنگاوی پراکتیکی بەدوادابێت لە وەبەرهێنان لەژێرخانی ئابوری شارەکە.
دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق....
ئەمڕۆ ئەو رۆژە مێژووییەیە کە دەمێکە خەڵکی هەڵەبجە چاوەڕوانین. بە پەسەندکردنی ئەم یاسایە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەنگاوێکی دادپەروەرانە و هۆشیاری نا لەرێی بەرەسمی ناساندنی هەڵەبجە وەک نۆزدەمین پارێزگای عێراق. ئەم بڕیارەش تەنیا ڕێوشوێنێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو دانپێدانانێکی رەسمییە بە قوربانییەکانی خەڵکی هەڵەبجە و بەدیهێنانی ئەو دادپەروەرییەیە کە دەمێکە چاوەڕوانین.
هێشتا ئاسەواری ئەو هێرشەی ساڵی 1988 بەچەکی کیمیایی کرایە سەر هەڵەبجە ماوەتەوە، ئەمڕۆش سەرەتای وەرزێکی نوێیە، وەرزێک لەدانپێدانان و پابەندبون و داکۆکیکردن لەمافەکان و بەڵێنی دوارۆژێکی باشتر.
لەگەڵ هاتنی بەهاردا خەڵکی هەڵەبجە ئەم بڕیارە وەک سمبولی نوێبونەوە و هیوا دەبینن.
دەستخۆشی لەو پارلەمانتارە بەڕێزانە ئەکەم کە ناکۆکیە سیاسییەکانیان وەلاوە نا و لە شوێنە دروستەکەی مێژوو بوون، بەم بڕیارەیان رێزیان لەیادی قوربانیان و رزگاربوان نا و ئەمڕۆش بۆ دواجار دادپەروەری بەدیهات.
هەرچەند دانپێدانان تەنیا بەس نیە و دەبێ هەنگاوی پراکتیکی بەدوادابێت لە وەبەرهێنان لەژێرخانی ئابوری هەڵەبجە و پشتیوانی ڕۆڵەکانی و چاوەڕوانییەکانیان، لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە کاتێکی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە و هێشتا خەڵکەکەی لەچاوەڕوانیدان.
ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵیە ئەوە بۆ هەڵەبجە مسۆگەر بکات کە قەرەبووی شایستە بەدەستبهێنێ تا دانیشتوانەکەی لەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییەدا بژین کە ساڵانێکە لێی بێ بەشن.
بە خەڵکی هەڵەبجەش ئەڵێم: قوربانیدانتان لەبیر نەکرا و لەبیر ناکرێت. ئەمڕۆ هەموو عێراق لە کوردستانەوە بۆ باشور پشتیوانتانە و ڕێز لەرابردوو و قوربانیدانتان دەگرێت.