کۆسرەت رەسوڵ عەلی پیرۆزبایی لە هەڵەبجەییەکان دەکات
محەمەد رزگار
١٤ی نیسانی ٢٠٢٥
لە دوای دیاریکردنی پارێزگاری هەڵەبجە وەک 19هەمین پارێزگای عیراق کۆسرەت رەسوڵ عەلی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهیوام بەهەمان رۆحیەتەوە، بە یەکگرتوویی و یەکگوتاری خەبات بکەین بۆ گەیشتن بەئاواتە بەدی نەهاتووەکانمان.
دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسوڵ عەلی.....
بەبۆنەی پەسندکردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم هەڵەبجەییە تێکۆشەرو قارەمانەکان، کەسوکاری شەهیدان و کیمیابارانکراوانی هەڵەبجە دەکەم.
ئەمڕۆ کە (37)هەمین ساڵیادی کارەساتی ئەنفالە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەیەکگرتوویی و یەکدەنگی توانیان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەسند بکەن و مژدانە بدەنە هەڵەبجەییەکان، سوپاسی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سەرجەم هێزو لایەنە عێراقییەکان دەکەم کە پاڵپشت و پشتیوان بوون لە پەسندکردنی ئەم یاسایە.
دووبارە پیرۆزبایی خۆم لە خەڵکی تێکۆشەری پارێزگای هەڵەبجە دەکەم، بەهیوام بەهەمان رۆحیەتەوە، بە یەکگرتوویی و یەکگوتاری خەبات بکەین بۆ گەیشتن بەئاواتە بەدی نەهاتووەکانمان.