بەبۆنەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە وەک 19ەمین پارێزگای عیراق، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان

 

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی :

 

پیرۆزە لە هەڵەبجە و پیرۆزە لە کوردستان

 

ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان..

 

لە ئەمڕۆکەوە قۆناغێکی نوێ لە مێژووی شارەکەیان دەنووسنەوە.

 

دوای زیاتر لە دە ساڵ هەوڵی بەردەوامی حکومەتی هەرێم و لایەنە کوردستانییەکان بە هەموو فراکسیۆنەکانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسند کرد. لێرەوە سوپاسی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و هەموو ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە دەکەم کە دەنگیان بە پڕۆژە یاساکە داوە. هەروەها سوپاسی تایبەتی فراکسیۆنی یەکێتی و هەموو فراکسیۆن و لایەنە کوردستانییەکانی دیکە دەکەم کە لە هیچ هەوڵێک درێخییان نەکرد بۆ ئەنجام گەیاندنی ئەم داواکارییەی خەڵکی هەڵەبجەی ئازیز.

 

بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بۆ هەڵەبجەییەکان و دانیشتووانی ئەم پارێزگا نوێ و خنجیلانەیەی کوردستان و عێراق شیرینتر دەبێت ئەگەر بێتو لێرە بە دواوە هەموو لایەکمان پێکەوە کاربکەین بۆ خێراترکردنی پرۆسەی گەشەپێدانی هەڵەبجە. پێویستە حکومەتی هەرێم و نوێنەرەکانمان لە بەغدا پێکەوە هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ ئەوەی بودجەی پێویست بۆ سەرپێخستن و گەشەپێدانی ئەم پارێزگایە نوێیەمان دابین بکەین.

 

لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەڵەبجەییەکان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم و جارێکیتریش سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی ماندووبوون لە بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە.