وەزیری پێشمەرگە: بە یەکڕیزی خەڵکی کوردستان توانرا کۆتایی بە زوڵـم و ستەمی رژێمی داگیرکەری بەعس بهێنرێت
سام
١٤ی نیسانی ٢٠٢٥
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، "ئه‌نفال وه‌ك هه‌موو تاوانكارييه‌كانى ديكه‌ى مێژوو، کە بەرامبەر گەلەکەمان ئەنجام دراوە، بۆ شكاندنى ئيراده و قڕکردنی گه‌لى ئازاديخوازى كوردستان بوو".
دەقی پەیامەکە
"ئەنفال پرۆسەی کۆمەڵکوژی و سڕینەوەی گەلی کورد بوو، لە ساڵڕۆژی شاڵاوی بەدناوی ئه‌نفالی گه‌لی كوردستان، به‌وپه‌ڕى رێز و شكۆوه يادى ئه‌نفالی (182) هه‌زار هاووڵاتی بێتاوانى گەلەکەمان ده‌كه‌ينه‌وه و سه‌رى رێز‌و وەفا بۆ گيانى پاكیان داده‌نوێنين، كه بە دڕندانه‌ترين تاوانی مێژوو جينۆسايدكران لەلایەن رژێمی دیکتاتۆری بەعسی روخاو".
"ئه‌نفال وه‌ك هه‌موو تاوانكارييه‌كانى ديكه‌ى مێژوو، کە بەرانبەر گەلەکەمان ئەنجام دراوە، بۆ شكاندنى ئيراده و قڕکردنی گه‌لى ئازاديخوازى كوردستان بوو، دواجار بە یەکڕیزی و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و، بە سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی توانرا کۆتایی بە زوڵـم و ستەمی رژێمی داگیرکەری بەعس بهێنرێت و ویست و ئیرادەی گەلەکەمان سەربکەوێت".
"درود بۆ رۆحی پاکی شەهیدان، سەربەرزی بۆ کەسوکاری شەهیدان".
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
14ـی نیسانی 2025