مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یادی 37 ساڵەی تاوانی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەم یادە پڕ لەسوێیەدا جارێكی تر جەختدەكەینەوە ئەركی هەموانە لە هەرێمی كوردستان و عیراقیش هەوڵەكانمان چڕ تر بكەینەوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەو ناوچانەی بەهۆی تاوانی ئەنفالەوە زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە".

دەقی پەیامی مەكتەبی سیاسی لە یادی 37 ساڵەی تاوانی ئەنفالدا...

سی و حەوت ساڵ  لەمەوبەر كوردستان رووبەڕووی دڕندانەترین تاوانی ئەنفال بووەوە، كە ئامانج  لێی جینۆسایدكردنی گەلەکەمان بوو لەسەر زێدی باو و باپیرانی خۆی.

ئەم تاوانەی كە بەرانبەر بە  خەڵكی بێدیفاعی گوند و دێهاتی كوردستان كرا ئازارێكە بێ کۆتایە لە دڵ و دەروونی هەمواندا و لەبیرچوونەوەی هەرگیز ئاسان نییە كە لە چەند مانگێكی كەمدا 182 هەزار مرۆڤی كورد لە پیر و گەنج و منداڵ لە هەردوو رەگەز بەدرندانەترین شێوە زیندە بەچاڵ كران و دەیان هەزاری دیکەش رووبەڕووی ژیانی كولەمەرگی ناو ئۆردوگا زۆرەملێكان كرانەوە.

لەم یادە پڕ لەسوێیەدا جارێكی تر جەختدەكەینەوە ئەركی هەموانە لە هەرێمی كوردستان و عیراقیش هەوڵەكانمان چڕ تر  بكەینەوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەو ناوچانەی بە هۆی تاوانی ئەنفالەوە زۆرترین زیانیان پێگەیشتوە و هەروەها  ژیانێكی سەربەرزانە بۆ كەسوكاری شەهیدان و بێسەروشوێن بووەكانی جینۆسایدی میللەتەکەمان دابینبكەین.

لە لایەكی ترەوە بەرپرسیارێتی پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵییشە ئەركە مرۆیی و دەستورییەكانی خۆیان باشتر جێبەجێبكەن  بۆ ساڕێژبوونی یەكجارەكی زامەكانی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال.

درود بۆ شەهیدانی  ئەنفال و سڵاو بۆ خۆراگریی كەسوكار و یادگاری شیرینینان

مەكتەبی سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان