سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق شەشەمین دانیشتنی ئاسایی لەم وەرزەی یاساداناندا ئەنجام دەدات و بڕگەی یەكەمیش دەنگدانە بە پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.

 

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق 11ی ئەم مانگە لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، سبەینێ دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوە و بەپێی كارنامەكە، یەكەمین بڕگەی دانیشتنەكە تایبەتە بە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.

 

هاوکات فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش پێداگرن لەسەر هەڵوێستەكانیان بەرانبەر هەڵەبجە و رایانگەیاندوە، ئەگەر لە دانیشتنەكەدا دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نەدرێت، هۆڵی دانیشتنەكە جێدەهێڵن.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەچەند رۆژی رابردودا فراکسیۆنە کوردییەکان بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان کرد و رایانگەیاند، تاوەکو دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بەشداری کۆبوونەوەکان ناکەن.