مەكتەبی سیاسی یەکێتی: 37 ساڵ لەمەوبەر كوردستان روبەڕووی دڕندانەترین تاوان بووەوە
هادی
١٣ی نیسانی ٢٠٢٥
مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە یادی ئەنفالدا دەڵێت، ئەركی هەموانە لە هەرێم و عیراق هەوڵەكان چڕتر بكەنەوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەو ناوچانەی بەهۆی ئەنفالەوە زیانیان پێگەیشتووە.
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یادی ئەنفالدا راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، 37 ساڵ لەمەوبەر كوردستان روبەڕووی دڕندانەترین تاوان بووەوە، كە ئامانج لێی جینۆسایدكردنی گەلی كورد بوو لەسەر زێدی باو و باپیرانی خۆی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، لە چەند مانگێكدا 182 هەزار مرۆڤی كورد بەدڕندانەترین شێوە زیندە بەچاڵكران و دەیان هەزاری تریش روبەڕووی ژیانی كولەمەرگی ناو ئۆردوگا زۆرەملێكان كرانەوە.
جەختیشدەكاتەوە، ئەركی هەموانە لە هەرێم و عیراق هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەو ناوچانەی بەهۆی تاوانی ئەنفالەوە زیانیان پێگەیشتووە و ژیانێكی سەربەرزانە بۆ كەسوكاری شەهیدان و بێسەروشوێنبووەكانی جینۆساید دابین بكەن.
دەشڵێت، بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی عیراقیشە ئەركە مرۆیی و دەستورییەكانیان باشتر جێبەجێ بكەن بۆ ساڕێژبوونی یەكجاری زامەكانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال.