قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دۆخی سوریا و گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و دواین پەرەسەندنەکانی دیکەی ناوچەکە ئاڵۆگۆڕی بیروڕا کرا.

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە وەفدێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ئادەم سمیس، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باس لە چەند پرسی گرنگی ناوخۆی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دۆخی سوریا و گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و دواین پەرەسەندنەکانی دیکەی ناوچە ئاڵۆگۆڕی بیروڕا کرا.

 

هەردوولا هاوڕابوون کە هێشتا تیرۆر و بە تایبەتیش گروپی تیرۆریستی داعش هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری کوردستان و عیراق. لەم چوارچێوەیەدا وەفدەکەی کۆنگرێس جەختیان کردەوە لەسەر بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان و عیراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.

 

لەبارەی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیشەوە، جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاند، راستە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بە خێرایی ناچێتە پێش، بەڵام هەنگاوی زۆر باش نراوە و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو رێک بکەون کە هەم لە ئاستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاوڵاتییاندابێت و هەم بتوانێت لەم قۆناغە ئاڵۆزەی ناوچەکەدا، سەقامگیری سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان بە باشی بپارێزێت.

 

سەبارەت بە پرسی نەوت و گازیش، جێگری سەرۆکوەزیران روونیکردەوە، کە حکومەتی هەرێم گەشبینە و هەموو هەوڵێکیش دەدات لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم. لەبارەی غازیشەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئەولەوییەتی حکومەتی هەرێم لەم قۆناغەدا بەکارهێنانی غازە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 سەعاتی بۆ هاووڵاتییان و هەروەها دابینکردنی غازە بۆ بەکارهێنانی ماڵان و کارگە پیشەسازییەکان.

 

ئەندامانی دیکەی وەفدەکەی کۆنگرێس پێکهاتبوو لە مایکل باومگارتنەر، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە و هەر یەکە لە سارا جاکۆبس، جۆرج وایتسایدز و وێسلی بێڵ لە ئەندامانی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.