سەرۆک بافڵ: ئەم رەوشە وادەخوازێت لەپێناو ئامانجە باڵاکاندا بڕیاری هاوبەش بدەین
سام
١٠ی نیسانی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە بەغدا کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پێویستی بەردەوامی گفتوگۆی بونیادنەرانە لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان جەختی لەسەر کرایەوە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی وڵات لە کێشمەکێش و ململانێ ناوچەییەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پەرۆشی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەربڕی بەشێوەیەک دەستوور بنەمابێت و مافی هەمووان پارێزراوبێت.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لەسەر بەهێزکردنی گفتوگۆى نێوان لایەنە سیاسییەکان و پابەندبوون بە رێککەوتنەکان کردهوە و وتی: ئەم رەوشە وادەخوازێت لەپێناو ئامانجە باڵاکاندا بڕیاری هاوبەش بدەین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی و هادی عامری باسیان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کرد و رایانگەیاند، داواکاریی لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە کە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە رەنگدانەوەی خواستی هاووڵاتییان بێت.

