قوباد تاڵەبانی و وەزیری وزەی یۆنان کۆبونەوە
١٠ی نیسانی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە یۆنان لەگەڵ وەزیری وزەی یۆنان کۆبوەوە.
قوباد تاڵەبانی لە هەژماری خۆی رایگەیاندوە، "لەگەڵ ستاڤرۆس پاپاستاڤرو، وەزیری وزەی یۆنان باسی وزەی نوێبووەوە و کاریگەری نەرێنی گۆڕانی کەشوهەوامان لەسەر کوردستان کرد، بەڵێنیدا هانی پسپۆڕان و کۆمپانیا تایبەتمەندەکانی خۆیان بدات هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن بۆ کارکردن لە بواری وزەی نوێبووەوەدا".
ئاماژەی بەوەشداوە، "هەروەها باسمان لە چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی خۆڵ و خاشاک و پاشماوەکان و بە تایبەتیش کێشەی تانجەڕۆمان کرد. حکومەتی یۆنان کە لە پێنج ساڵی رابردوودا توانیوویەتی بە شێوەیەکی زانستی کێشەی پاشماوەکان چارەسەر بکات، لەمبارەیشەوە ئامادەییان دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تانجەڕۆ لەڕووی پسپۆڕییەوە هاوکاری هەرێم بکەن".


