سەرۆک بافڵ: پشتیوانی هەموو ئەو بڕیارانە دەکەین کە مافی موچەخۆران دەستەبەر دەکات
١٠ی نیسانی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی عیراق كۆبووەوە و رایگەیاند، پشتیوانی لەو بڕیارانە دەكەن كە مافی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكات.
لە درێژەی زنجیرە دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە بەغداد، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای فیدڕالی عیراقی كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا نزار ئامێدی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و خالید شوانی وەزیری دادی عیراق ئامادەبوون و جەخت لە پاراستنی سەربەخۆیی دادگاكان كرایەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پابەندبوون بە دەستوور وەك سەرچاوەی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ تەواوی پێكهاتەكانی عیراق دووپاتكرایەوە.
لای خۆیەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی گرنگیی رۆڵی دادگای فیدراڵی بەرز نرخاند لە یارمەتیدانی هەرێم و بەغداد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، بە تایبەت پرسی مووچە و شایستە داراییەكان و رایگەیاند، یەكێتی پشتیوانی لە هەموو ئەو بڕیارانە دەكات كە مافی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر دەكەن.
