وەزارەتی ناوخۆی هەرێم چەند بڕیارێکی تایبەت بە ماتۆڕسکیلەکان دەرکرد
هەساو ئەمیر
٩ی نیسانی ٢٠٢٥
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم چەند بڕیارێکی تایبەت بە ماتۆڕسکیلەکان دەرکرد و رایگەیاندووە، هاتوچۆی پارێزگاکانمان راسپاردووە دەست بەسەر هەر ماتۆڕسکیلێکدا بگرن کە بە دەنگەکانیان خەڵک بێزار دەکەن.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ، هاتوچۆی هەرێم، هاتوچۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەشی مۆڵەت و هۆبەکانی مۆڵەتی شۆفێری کۆبوونەوە و تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد و چەند بڕیارێکیان دەرکرد.
دەقی بڕیار و رێنماییەکان:
1.جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆ و سەلامەتی رێگاوبان بەسەر هەموو شوفێراندا.
2.لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەوانەی سەرکێشی دەکەن و پابەندی پاراستنی مافەکانی بەکارهێنەرانی شەقام نابن.
3.پێویستە کۆمپانیاکانی گەیاندن و خواردنی خێرا پابەند بن بەوەی لە ماوەی دیاریکراودا دەست بکەن بە تۆمارکردنی ماتۆرسکیلەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ و هێنانی ماتۆڕی بێدەنگ و کارەبایی بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاو، کە بوونەتە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتیان، بەێچەوانەوە دەست دەگیرێت بەسەر ماتۆڕەکاندا.
4.بەڕێوەبەرانی هاتوچۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردران دەست بگرن بەسەر هەر ماتۆرسکیلێکدا کە دەستکاری دەنگی کردووە و خەڵک هەراسان دەکات.
5.هاتوچۆکان دەست دەگرن بەسەر ئەو ماتۆرسوارانەی لەسەر شەقامەکان نمایش دەکەن و سەرکێشی دەکەن، هەروەها مامەڵەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.
6.هەر ماتۆرسکیلێک تۆمارکراو نەبێت و تابلۆی نەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت.
7.پێویستە ماتۆرسواری کۆمپانیاکانی گەیاندن پابەند بن بە لێخوڕینی سەلامەت و خێرایی رێگەپێدراو. هەر ماتۆرسوارێک لە خێرایی رێگاپێدراو زیاتر شۆفێری بکات و لە کامێراکان تۆمار بکرێت، کۆمپانیای گەیاندنی خواردن ناچار دەکرێت سزای دارایی بدات.
8. کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی بوونەتەوە هۆی کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ و مردن و بریندار بوون، بۆیە پابەندین بە دانانی کامێراکانی تیژڕۆیی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان.
9.پێویستە هەموو پێشکەشکارێک بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری، سەرەتا بەشداری لە خولەکانی فێربوونی شوفێری بکات بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی.
10. بەڕێوەبەرانی هاتوچۆ راسپێردراون دەست بکەن بە دابەشکردنی فۆرم بۆ پێشکەشکارانی مۆڵەت و لە هەر شوێنێک پێداویستی بۆ دەستپێکردنی سیستمکە هەیە، بەپەلە پێداویستییەکان دابین بکرێن.
وەزارەتی ناوخۆ داواش لە هاووڵاتیان دەکات، هاوکاری حکومەت بن لە کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی ماتۆڕسکیلی بێسەرەتا و ئەو مەترسیانەی دروستی دەکەن، لە رێگای تۆمارکردنی ماتۆڕەکانیان و بەکارنەهێنانی ماتۆڕی بێسەرەتا.
هاوکات، داواش لە دایک و باوکان دەکەن، چاودێری منداڵەکانیان بکەن، رێگا نەدەن بە ماتۆڕی تۆمارنەکراو لەسەر شەقامەکان نمایش بکەن و ژیانی خۆیان و خەڵکی دیکە بخەنە مەترسییەوە، چونکە ئەو جۆرە دیاردانە بە توندی مامەڵەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت و دەست بەسەر ماتۆڕەکانیاندا دەگیرێت.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە سیستمی نوێی راهێنان و پەروەردەکردنی شۆفێر کردووە، کە ئێستا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و پێویستە سەرجەم پێشکەشکارانی مۆڵەت سەرەتا بەشداری خولەکانی فێربوون بکەن، بۆ ئەوەی کە چووە سەر شەقام، ببێتە شوفێرێکی خاوەن زانیاری یاسایی و بە ئاگا و هۆشیار، بەو جۆرە دەتوانێت باشتر خۆی لە کارەسات بپارێزێت و رێز لە مافەکانی خۆی و بەکارهێنەرانی دیکەی شەقام بگرێت.