حزبی بەعس ئەو حزبە دیکتاتۆرەی ماوەی زیاتر لە 40 ساڵ حوکمی عیراقی کرد، ئەمڕۆ 22 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر روخانیدا و ئازادبوونی عیراق لەدەست ئەو رژێمە.

حزبی بەعس، ئەو حزبەدیکتاتۆرە بوو کە 4ی نیسانی 1947 لەسەر دەستی میشێل عەفلەق، سەلاح بەیتار، جەلال سەید و وەهیب غانم لە سوریا دامەزرا، پابەندی بیری ناسیونالیستی عەرەبی بوو.

لە کۆنگرەی 1947دا سێ پەیامیان هەبوو، کە گرنگترینیان بەلای خۆیانەوە ئەوە بوو، دەیانویست هەموو عەرەب لەژێر چەتری یەک دەوڵەتدا کۆبکەنەوە.

حزبی بەعسی عیراق لە ساڵی 1958 بە سەرۆکایەتی عەبدولسەلام عارف کودەتای بەسەر سیستمی پاشایەتی عیراقدا کرد، تاوەکو لە ساڵی 1963 جارێکی دیکە کودەتایەکی دیکە بەسەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف ئەنجام درا، تاوەکو لە ساڵی 1969 بەعسییەکان ئەحمەد حەسەن بەکریان کردە سەرۆک کۆمار و سەدام حسێنی دیکتاتۆریش لە ساڵی 1979دا بوو بە سەرۆک کۆمار، کە دوایین سەرۆکی ئەو حزبەش بوو.

حزبی بەعس بەهۆی سیاسەتە دیکتاتۆرییەکەی و سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچەکانی کوردستان، چەندین تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی بەرانبەر کورد ئەنجام دا و بە مەبەستی بەدیهێنانی خواستەکانی خۆی چەندین رێگای دڕندانەی بەکارهێنا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورد و لەناوبردنی ئەو نەتەوە رەسەنە.

حزبی بەعس بە چەندین قۆناغ لە جینۆسایدکردنی کوردەکاندا بەردەوام بوو، هەر لە سەرەتاوە لە ساڵی 1963 بە بە تەعریبکردنی گوندەکانی دەوروبەری کەرکوک دەستی پێ کرد، تاوەکو لە ساڵی 1970وە دەستی کرد بە راگواستن و بێسەروشوێنکردنی کوردانی فەیلی، لە ساڵی 1983شدا ئەنفالکردنی هەشت هەزار کەس و لە کۆتایی 80کانیشدا چەکی کیمیایی قەدەغيکراوی دژ بە کورد بەکارهێنا.

لە ساڵی 1988یشەوە بە هەشت قۆناغ پرۆسەی ئەنفالی دژ بە کورد دەست پێ کرد.

دواجار گەلی کورد لە بەهاری ساڵی 1991دا دژ بە دەسەڵاتی بەعس راپەڕی و لە سەرتاسەری کوردستاندا راپەڕین دژ بە بەعس دەستی پێ کرد و توانیان لەماوەی 16 رۆژدا  شارەکانی کوردستان لەدەست رژێمەکە ئازاد بکەن، بەڵام لە 27ی ئازاردا سوپای عیراق کەرکوکی گرتەوە و لە 31ی ئازاریشدا هەولێری گرتەوە، دواتر کۆڕەو دەستی پێ کرد و خەڵکی کوردستان بەرەو سنورەکانی ئێران و تورکیا ئاوارە بوون.

تاوەکو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ٥ی نیسانی ساڵی 1991دا بڕیاری 688ی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەرکرد کە تیایدا هاتبوو:  نابێ سوپای عیراق پەلاماری باشووری کوردستان بدات و کۆمەڵ کوژی کورد بکات.

ناوچەیەکی ئارامیان لە سەرووی ھێڵی ٣٦،  بۆ پاراستنی کورد دیاری کرد، دواتر ھیزی وڵاتانی ھاوپەیمان گەیشتنە بنکەی سەربازی (ئەنجەلیک) لە تورکیا، بۆ پاراستن و گەڕانەوەی ھاووڵاتیان بۆ شوێنەکانی خۆیان .

دواجار لە ساڵی 2003دا ئەمریکا سەدام حسێنی ئاگادار کردەوە کە لەماوەی دوو رۆژدا دەست لە دەسەڵات هەڵبگرێت و عیراق جێبهێڵێت، بەڵام سەدام حسێن ئەوەی رەتکردەوە، بۆیە ئەمریکا بڕیاریدا بەوەی لە سەعاتی سفردا هێرش بکاتە سەر عیراق و کۆتایی بە دەسەڵاتی سەدام بهێنێت.

تاوەکو لە 20ی ئازاری 2003دا یەکەم هێرشی ئەمریکا دەستی پێ کرد و تاوەکو 9ی نیسان هێزەکانی هاوپەیمانان بەغدایان بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرد، لە 25ی ئازاردا لەرێگای کەنداوەوە هێزی دەریایی گەیشتنە عیراق و لە 26ی ئازاریشدا لە رێگای هێزی ئاسمانییەوە بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە توانیان کوردستان ئازاد بکەن.

پڕۆسەی ئازادی عێراق کە تیایدا 49 وڵات هاوپەیمان بوون، لە 9ی نیساندا پەیکەری سەدام حسێن لە عیراق خرایە خوارەوە و رووخانی رژێمی بەعس راگەیەنرا، لە مانگی ئایاریشدا پۆل بریمەر حاکمی ئەوکاتی مەدەنی ئەمریکی لە عێراق، بە رەسمی هەڵوەشانەوەی حزبەکەی راگەیاند.