دەست بەسەر بڕی 30 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیرا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانیش دەڵێت؛ تۆمەتباری بازرگان کەسێکی بیانی بووە و دەیویست بۆ تورکیا بیگوازێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان توانییان لەچالاکییەکی سەرکەتوودا دەستبەسەر بڕی (30)کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری(کریستاڵ)دا بگرن.

ئاماژەی بەوەشکرد، شەوی 6/4/2025 لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەختە و چاودێری ووردی هێزەکانمان لەسەر سنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە تا گەیشتن بە یەکێک لەبازگەکان، لەچوارچێوەی ئۆپراسیۆنێکی سەرکەوتوودا توانرا رێگری لەگواستنەوەی بڕی (30)کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر بکرێت.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی راشیگەیاند، تۆمەتباری بازرگان کەسێکی بیانی بوو، کەبەنیازی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکە بوو بۆ وڵاتی تورکیا و دوای ئەنجامدانی پشکنین و دۆزینەوەی ماددەکە توانرا بازرگانەکە دەستگیربکرێت و دەستبەسەر سەرجەم ماددە هۆشبەرەکە بگیرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر بەماددەی (25) لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە.