لەمەودوا لە هەولێر مامەڵکردن بەهەموو جۆرە دراوێکی ئەلیکترۆنی و کانزایی قەدەغەیە، ئاسایشی هەولێریش رایدەگەیەنێت؛ هەر کۆمپانیا و هەر کەسێک مامەڵەی پێوەبکات روبەڕوی لێپرسینەوە دەبێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، مامەڵەکردن بە هەموو دراوێکی ئەلیکترۆنی و کانزایی(فۆڕێکس) و (USTD) یاسایی نییە و قەدەغەیە.

ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندووە، کۆمپانیاکانی فۆڕێکس و دراوی ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستان و عیراق مۆڵەتی رەسمییان نییە، هەروەها بەپێی رێنمایی بانکی ناوەندی عیراق و هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدرال، هیچ یاسا و رێنماییەک نییە بۆ رێکخستنی ئەم جۆرە مامەڵانە، بۆیە رێگە پێدراونییە.

ئاسایشی هەولێر داوا لە هاووڵاتیان دەکات بە دووربن لەمامەڵەکردن بەو جۆرە دراوانە بۆ ئەوەی روبەڕوی زیانی مادی نەبنەوە، چونکە لەماوەکانی رابردودا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی زیانی مادییان بەرکەوتووە.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکە ئاسایشی هەولێر، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر کۆمپانیا و هەر کەسێک لەرێگەی سۆشیال رێکلام بۆ بۆ کاری فۆڕێکس و دراوە ئەلیکترۆنیەکان بکەن، روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.