قائیمقامی سلێمانی: تیمەکانی پاککردنەوەی بازاڕی دارەسوتاوەکە سێ بەرانبەر زیاد کراون
رەوەز
٨ی نیسانی ٢٠٢٥
قائیمقامی سلێمانی سەردانی بازاڕی دارەسوتاوەکەی کرد و لە نزیکەوە چاودێری پڕۆسەی پاککردنەوەی پاشماوەی ئاگرەکەی کرد، هەروەها سوپاسی تیمەکانی بەرگری شارستانی و شارەوانی کرد کە لە سەرەتای روداوەکەوە بەردەوام لە کاردان.
ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی گوزەری دارەسوتاوەکەی کرد و رایگەیاند کە تیمەکانی شارەوانی توانای کارکردنیان بۆ سێ هێندە زیاد کراوە، بە جۆرێک زۆربەی ئامێرەکانی شارەوانی بەردەوام لە کاردان بۆ ئەوەی بە زوترین کات پڕۆسەی پاککردنەوەکە تەواو بکەن.
لە میانەی سەردانەکەیدا، قائیمقامی سلێمانی سوپاسی قوباد تاڵەبانی و سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلالی کرد کە سەرپەرشتی پڕۆسەکە دەکەن و ئەرکی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانیان گرتووەتە ئەستۆ.
هاوکات، بەڵێنی بە کاسبکارانی ناوچەکە دا کە هەمو هەوڵێک دەدات تا بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و ژیانی ئاسایی خۆیان.
شایەنی باسە، ئاگرەکەی بازاڕی دارەسوتاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتەوە و لەلایەن چەندین تیمی فریاکەوتن و بەرگری شارستانییەوە کۆنتڕۆڵ کرا، ئێستاش بەردەوام کارەکانی پاککردنەوە و هەڵسەنگاندنی زیانەکان بەڕێوە دەچێت.