کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، شەپۆلێکی تاوەباران و هەورەبروسکە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە، بە گشتی ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ تاوەبارانی پچڕپچڕ، هەروەها ئەگەری هەورەبروسکە هەیە، کاریگەری ئەم ناجێگیرییە سەرەتا لە سنوری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی سەرهەڵدەدات، پاشان درێژ دەبێتەوە بۆسەر بەشێک لە سنوری پارێزگای هەولێر و لە شەودا دەگاتە سنوری ئیدارەى راپەڕین.  

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ چوارشەممە، لە کاتەکانی بەیانی تاوەکو نیوەڕۆ، لە بەشێک لە ناوچە سنوریی و شاخاوییە بەرزەکان ئەگەری کەمێک نمەباران و هەورەبروسکە هەیە، لە دوای نیوەڕۆوە دووبارە کاریگەری ئەم ناجێگیرییە زیاد دەکات لە تەواوی هەرێمدا، هەروەها هەندێک کات ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ هەیە لەگەڵ بارانباریندا.

کەشناسیی دەشڵێت، هەورەبروسکە لە چەند ناوچەیەکی وەک شاخ و لوتکەی شاخ و گردۆڵکە و دەشتاییەکاندا مەترسیدارە.

ئەوەش هاتووە، ئەمڕۆ و سبەینێ خێرایی با زیاد دەکات و هەندێکجار دەگاتە سەروو 30 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، پلەکانی گەرماش بەگشتی جێگیر دەبن، تەنها لەو ناوچانەی کە کەش تیایاندا ناسەقامگیرە، نزم دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: 30  پلەی سیلیزی

سلێمانی:  29 پلەی سیلیزی

دهۆک: 28  پلەی سیلیزی

کەرکوک: 34 پلەی سیلیزی 

زاخۆ: 29 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 30 پلەی سیلیزی

سۆران: 28 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 18 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 35 پلەی سیلیزی