شارەوانی سلێمانی: پێویستە لەماوەی هەفتەیەکدا یاری جەمپی گەڕەک و شەقامەکان لاببرێت
هەساو ئەمیر
٨ی نیسانی ٢٠٢٥
شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، پێویستە لەماوەی هەفتەیەکدا ئەو یاری جەمپانەی لە گەڕەک و شەقامەکاندا دانراون لاببرێن.
شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، پاڵپشت بە رێنماییەکانی قایمقامییەتی پارێزگای سلێمانی دانانی یاری جەمپ لەناو گەڕەکەکاندا و لەسەر موڵکی گشتی هیچ مۆڵەتێکی یاسایی نییە و رێگەپێدراو نییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەو روداوە نەخوازراوانەی لێیان دەکەوێتەوە، ئەو یارییانە هۆکارێکن بۆ زیانگەیاندن بە تەندروستی منداڵان و ئازاردانیان، سەرباری ئەوەش ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزەکانی بەهار و هاوین، دیاردەی دانانی جەمپ لەناو گەڕەکەکانی شاری سلێمانی بەردەوام روو لە هەڵکشان دەکات.
شارەوانی سلێمانی راشیگەیاندووە، ئاگاداری خاوەنەکانیان دەکاتەوە، لەماوەی هەفتەیەکدا هەستن بە لادانی زیادەڕەوییەکانیان، بەپێچەوانەوە پاش تێپەڕاندنی ئەو ماوەیە و لە ئەگەری پابەندنەبوون بەم ئاگادارییەوە، بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانی هەڵدەستێت بە لابردن و تێکدانی ئەو جەمپانەی جێگیرکراون.



